بەدواداچوون بۆ کەموکوڕی و پێداویستییەکانی لیوای حەوتی پێشمەرگە کرا
![](/media/14447/viber_image_2022-09-06_21-58-39-743.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133070040290000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر رەشید جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە بە یاوەری عەقید فەرمان زراری جێگری بەڕێوەبەری میرەی گشتیی سەربازی، سەردانی بارەگای لیوای ٧ی پیادەی لە سۆران کرد و لەلایەن عەمید فەقێ محەمەد عادۆ فەرماندەی لیوا و جێگر و ئەفسەرانی لیواوە پێشوازی لێ کرا.
ئامانج لەو سەردانەدا ئاگاداربوون بوو لە بارودۆخ و ڕەوشی توانا سەربازییەکان و پێداویستییە لۆجستییە گرنگ و پێویستەکانی لیواکە لەڕووی کارگێڕی و میرەوە، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە لەنزیکەوە گوێی لە داواکاری و تێبینییەکانی فەرماندە و جێگر و ئەفسەرانی لیوا گرت و بەڵێنی چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی وەرزی زستانی پێ دان، بەتایبەت ئەم لیوایانەی کە ئەرکەکانیان دەکەونە ناوچە شاخاوییەکان.
پاشان جێگری سەرۆکی ئەرکان سەردانی فەرماندەیی ١ی لیوای ٧ پیادەی کرد و لە نزیکەوە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی لە زینووی وەرتێ بەسەرکردەوە.
لە کۆتایی سەردانەکەیدا جێگری سەرۆکی ئەرکان سوپاسی فەرماندە و ئەفسەران و پێشمەرگەکانی لیوای ٧ی کرد کە خەمخۆرانە و دڵسۆزانە ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن.