بەڕێوەبەری چاکسازی پێشوازی لە راوێژکاری سەربازیی وڵاتی هۆڵەندا کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، عەمید نەبەز سەلاح سدیق بەڕێوەبەری چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ هانس ڤۆرگێ راوێژکاری سەربازیی وڵاتی هۆڵەندا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، بەڕێوەبەری چاکسازی کورتەیەکی لەبارەی پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و دوایین بەرەوپێشچوونەکانی بۆ راوێژکاری سەربازیی تازە دەستبەکاربووی وڵاتی هۆڵەندا خستەڕوو، هەروەها هەنگا و و پلانەکانی داهاتووی چاکسازی بەشێوەیەکی گشتی گفتوگۆیان لەسەر کرا، بەتایبەت ئەو پرۆژانەی کە لەلایەن راوێژکارانی وڵاتی هۆڵەنداوە راوێژیان پێدەدرێت، وەک پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچە و ئەو ئامادەکاریانەی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا لەم بارەیەوە دەیکات.
لە تەوەرەیەکی تری کۆبوونەوەکەدا، رێکخستنەوەی پڕۆسەی دامەزراندن و گواستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە هێزەکانی ۷٠ و ۸٠ بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە و میکانیزمەکانی دامەزراندنی هاووڵاتیان لە داهاتوودا گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بابەتی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پەیکەری فیرقە تاووتوێ کرا.