سەرۆکی ئەرکان و ڕاوێژکاری سەربازیی بەریتانیا تاووتوێی پلانی هاوبەشی ئەمنییان کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان لەلایەک و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەلایەکی تر، تەوەری ئەو گفتوگۆیانە بوون لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ئەرکان و راوێژکاری سەربازیی بەریتانیا تاووتوێ کران.
ڕۆژی ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ رۆب درایڤەر راوێژکاری سەربازیی هێزەکانی بەریتانیا لە هەرێم و زانا خۆشناو ڕاوێژکاری سیاسیی کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا باسیان لە هاوکاری و هەماهەنگییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرد، بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانیان بە گرنگ و پێویست زانی.
هەروەها تاووتوێی پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد و جەختیان لە خێراترکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆسەکە کردەوە.
هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەتایبەتی لەڕووی سەربازی و ئەمنییەوە، تەوەرەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو؛ هەردوولا پەیوەندیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقیان بە کاریگەر زانی، بۆ پاراستن و سەقامگیرکردنی بارودۆخی ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی جێی بایەخی ئەمنیی هاوبەشی نێوان هەردوولایە.