هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە پشتیوانیی چاکسازییەکانی پێشمەرگە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ئەیلوولی٢٠٢٢، لیوا روکن بەختیار محەمەد سديق ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سان بۆرن بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگیی ئاسایشی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، پڕۆسەی چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان تاووتوێ کرا، هاوکات گۆڕانکارییەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لای خۆیەوە کۆڵۆنێڵ سان بۆرن پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە، بۆ ئەوەی هەنگاوەکان خێراتر بکرێن بۆ جێبەجێکردن و سەرخستنی پڕۆسەکە.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، سوپاسی رۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد، لە پشتیوانیکردن و بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا، هەروەها هیوای خواست، کە هاوکاری و پشتیوانیی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامیان هەبێت، ئەمەش لەپێناو بەرەوپێشبردنی زیاتری پڕۆسەی چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا.