هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا لەسەر پەرەپێدانی نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە گفتوگۆدان
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ ئیکۆ، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا کە لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، عەمید روکن محەمەد سەعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت، ماتیاس نوێنەری حکوومەتی ئەڵمانیا بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە، دەستەیەک لە پزیشکانی ئەڵمانی ئامادەی بوون، تاووتوێی پەرەپێدانی نەخۆشخانەی پێشمەرگە کرا.
هاوکات باس لە گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا و هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرا، بەتایبەت لە کەرتی تەندرووستیی پێشمەرگەدا.
سەرۆکی ئەرکان سوپاسی حکوومەتی ئەڵمانیای کرد لە هاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە و ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان وڵاتی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان دا، بەتایبەت لە بواری سەربازیدا. خواستی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانیشی لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.