Skip to the content

‎وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن یاداشتێکی لێکگەیشتن واژوو دەکەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-  پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا به‌ سه‌رپه‌رشتيى  نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم، به‌ ئاماده‌بوونى مه‌سروور بارزانى سه‌رۆكوه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان و قوبادتاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێم، به واژووی  شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و خاتوو سێلێست واڵنده‌ر ‏ياريده‌ده‌ری وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى.‏ ياداشتێكى لێكگه‌يشتن له‌نێوان ‏وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگریی ئه‌مه‌ريكا ئه‌نجامدرا.

له ‌مه‌راسیمه‌كه‌دا جێگرانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق، ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیران و ڕاوێژکارانی باڵای سه‌ربازیی ‌هه‌ردوولا ئاماده‌بوون، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و خاتوو سێڵیست واڵنده‌ر یاریده‌ده‌ری وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی وتاریان پێشكه‌ش کرد و هه‌ردوولا به‌بایه‌خه‌وه‌ له‌ گرنگیی یاداشتنامه‌كه‌ و جێبه‌جێكردنی بڕگەکانی هه‌روه‌ك به‌رده‌وامیدان به‌ پڕۆسه‌ی چاكسازیی پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌.

هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا، شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و تیایدا باسی له‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌مریكا و رۆڵ و كاریگه‌رییان له‌ پێشكه‌وتنی پێشمه‌رگه‌ و سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی چاكسازی كرد. ئه‌مه‌ش ده‌قی وتاری وه‌زیری پێشمه‌رگه‌یه‌:

ئه‌م كاته‌تان باش ...

ئه‌مڕۆ رۆژێكی پڕ له ‌شانازییە‌ بۆ هه‌مووان، كه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی له‌ ماوه‌ی كاركردنمان پێكه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی پیشه‌یی و نیشتمانیانه‌، پاش هه‌وڵ و ماندووبوونی زۆر، ئه‌وه‌ی خواستی هه‌ردوو لا بوو،‌ گه‌یشتینه‌ ئه‌مڕۆ كه‌ (یاداشتنامه‌ی لێكتێگه‌یشتن)ی نێوان وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی تێدا واژووبكرێت، كه‌ بۆ خۆی ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئاینده‌یه‌كی گه‌شتریش بۆ پێشمه‌رگه‌ و هه‌نگاونان به‌ره‌و پێكهێنانی هێزێكی تۆكمه‌و یه‌كگرتووی كوردستان.

له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، پێكه‌وه‌ مێژوویه‌كی پڕ له‌ شانازیمان تۆماركردووه‌، دوای له‌ناوبردنی رژێمی به‌عس له‌عێراق، پێكه‌وه‌ ترسناكترین گرووپی نه‌گریسی تیرۆریستیمان تێكشكاند، پێشمه‌رگه‌ به‌ قاره‌مانێتی و نه‌به‌ردی و به‌ خوێنی هه‌زاران شه‌هید و بریندار ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی تۆماركرد و به‌یه‌كه‌وه‌ش ئومێدی گه‌وره‌ بونیاد ده‌نێین بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌.
واژووكردنی ئه‌م یاداشتنامه‌یه‌، سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێشتا پێكه‌وه‌ین بۆ پاراستنی به‌ها گشتییه‌كان، چه‌مكه‌كانی دیموكراسی، ئازادی، پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی ئاین و ئاینزا و پێكهاته‌كانی كوردستان، كه‌ به‌بێ جیاكاری و جوداخوازی ژیان ده‌كه‌ن و سه‌ر و ماڵی هه‌مووان پارێزراوه‌، ئه‌مانه‌ش بنه‌مای هاوبه‌شن، كه‌ ده‌بێت له‌پێناویدا پێكه‌وه‌ پارێزگاری لێبكه‌ین.
  
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز...
پێشمەرگە، بە یارمەتی و هاوکاریی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، هاوشان لەگەڵ سوپای عێراقدا، قوربانیی زۆرمان دا لە ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکان و ڕزگارکردنه‌وه‌یان له‌ ده‌ستی تیرۆریستان لە پێناو ئازادی و سەربەستی و مافی ژیان و نیشتمان و گەلەکەمان و ئاشتی بۆ جیهان.
ئه‌مریكا، ڕۆڵی کاریگەر و بوێرانەیان بینی لە هاوکاری و سەرپەرشتیی پێشمەرگە بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆریستانی داعش. 

سوپاسی بێ پایان بۆ حکوومەت و هێزی سەربازیی ئەمریکا، کە بوونە هۆکار و گەرەنتیی گەڕانەوەی هیـوای ژیان و ئاشتی و ئازادی لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق. 
له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌، پێشمەرگە سەلماندی، کە وەکوو هەمیشە دەتوانێ بەرگری لە وڵات بکات. 
لە قۆناغی داهاتوودا هەموو هەوڵێک دەدەین کە لە هەموو ڕووێکەوە پێشمەرگە ڕێکبخرێتەوە و بەهێز بکرێت و وەک بەشێک لە سیسته‌می بەرگریی عێراق ماف و شایستە دەستوورییەکانی خۆی بەدەست بهێنێت. سوپاسی هێزه‌كانی ئه‌مریكا دەکەین، کە بۆ ئەو مەبەستە هاوکار وپشتیوانن." 
به‌ڕێزان...
هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌مریكا، جێی بایه‌خ و گرنگیی زۆری ئێمه‌یه‌، رۆڵی ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ له‌ به‌رده‌ومیدان به‌ رێفۆرمی سه‌ربازی له‌ناو پێشمه‌رگه‌ رۆڵێكی كاریگه‌ره‌ و له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بین.
به‌ بیر هه‌موو لایه‌كی دێنمه‌وه‌، له‌ماوه‌ی سه‌ردانی رابردوومان بۆ به‌ریتانیا و ئه‌مریكا، دیپلۆماتكارانی باڵای سیاسی و سه‌ربازیمان له‌ ئه‌مریكا بینی و له ‌كۆبوونه‌وه‌كاندا، له‌سه‌ر بنه‌ما گشتییه‌كانی كاركردنی هاوبه‌ش بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر كۆك بووین، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی چاكسازی له ‌پێشمه‌رگه‌شدا به‌ بایه‌خی‌ زۆره‌ سه‌رنج و تێبینه‌كانمان وه‌رگرت و كارمان له‌سه‌ر كرد و كاریشی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌رچی له‌مپه‌ر وئاسته‌نگه‌كانیش هه‌بن، ئیراده‌یه‌كی به‌هێزتر بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ هه‌یه‌. 

ده‌مه‌وێ لێره‌وه‌ سوپاسی دیپلۆماتكارانی سیاسی و سه‌ربازیی ئه‌مریكا بكه‌م، له‌سه‌رووی هه‌مووانه‌وه‌ به‌رێز خاتوو ده‌ینا سترۆڵ و ماتی و تۆله‌ر وخاتوو  ئالینا رومانوسكی، باڵیۆزانی ئه‌مریكا له ‌عێراق و رۆبێرت پالادینۆ و هێكس جونیه‌ر كونسوڵی گشتی له‌ هه‌ولێر و به‌رپرسانی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق و هه‌رێم و تیمی هاریكاریی ئاسایشی هه‌رێمی ئه‌مریكا و راوێژكارانی سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته‌ له ‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بكه‌م،‌ كه‌ رۆڵی گه‌وره‌ و كاریگه‌ریان هه‌بوو له‌ هه‌وڵه‌ ئه‌رێنییه‌كانیان بۆ گه‌یشتن به‌م لێكتێگه‌یشتنه‌ هاوبه‌شه‌ی نێوانمان.

له‌ كۆتاییدا هه‌مووان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌، به‌پاڵپشتیی به‌ڕێزان له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌ت و هاوكاری و دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی كوردایه‌تی و ئه‌م نیشتمانه‌، به ‌هه‌ماهه‌نگیی راسته‌وخۆی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان و دۆستانمان، له‌ درووستكردنی سوپایه‌كی تۆكمه‌ و یه‌كگرتووی سه‌ربازیی سه‌رده‌میانه‌ ناوه‌ستین و كاروانی ئه‌و خه‌ونه‌مان روو له‌ ئاسۆیه‌ و به‌ره‌و پاش ناگه‌ڕێنه‌وه‌... كه‌ ئه‌مه‌ش بۆخۆی گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وته‌ بۆ میلله‌ته‌كه‌مان و خه‌ونی هه‌زاران رۆڵه‌ی ئازا و شه‌هیدی به‌جه‌رگی ئه‌م میلله‌ته‌یه‌. 
هه‌ر شادبن.