کونسوڵی نوێی ئەمریکا هاوکاری بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتدەکاتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- کونسوڵی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، پاڵپشتی و پشتیوانی بۆ هەنگاو بڕیارەکانی وەزیری پێشمەرگە لە پڕۆسەی چاکسازی دووپاتکردەوە و راشیگەیاند "وڵاتەکەی بەبایەخەوە لە رێکخستنەوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەڕوانێت و لەم ڕوانگەیەشەوە هاوکاری و هەماهەنگییەکان بەردەوام دەبێت".
ڕۆژی دووشەممە ٥ی ئەیلوولی۲۰۲۲، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، پێشوازی لە هیکس جونیەر کونسوڵی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر و شاندێکی سەربازی و دیبلۆماسیی یاوەری کرد.
وەزیری پێشمەرگە بە گەرمی بەخێرهاتنی کونسوڵی نوێی ئەمریکای کرد و جەختی لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە.
لەدیدارێکدا کە سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت و عەمید روکن محمد سەعید، بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان ئامادەی بوون، دۆخی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە گفتوگۆی لەبارەوە کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
هەر لەو دیدارەدا کونسوڵی نوێی ئەمریکا لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە ئاشنا کرا بەهەوڵ و هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.
لەم بارەیەوە کونسوڵی گشتی وێڕای دەستخۆشی، پاڵپشتی و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی و کارکردن لەپێناو لابردنی لەمپەرو ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو پڕۆسەیە دووپات کردەوە.
کونسوڵی گشتیی ئەمریکا، روونیشیکردەوە رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکان ئەرکێکی قورسە و پێویستی بە هاوکاری و پشتگیریی هەمووان هەیە.
گوتیشی "پشتیوانی روئیای وەزیری پێشمەرگە دەکەین، لە درووستکردنی هێزێکی تۆکمەی یەکگرتوویی سەربازیانە و لەم ڕووەشەوە ئەمریکا و هاوپەیمانان بە ئەرکی خۆیان هەڵساون و چاوەڕوانیی زیاتریان لە رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە هەیە".
هیکس جونیەر بەر لەهاتنی بۆ هەولێر، دانووستانکاری سەرەکی لە نووسینگەی کاروباری سیاسی و سەربازی لە ئۆفیسی ئاسایش و رێکەوتن، راوێژکاری سیاسەتی دەرەوە بۆ هێزی هاوبەشیی سەربازی لە ناوچەی قۆچی ئەفریقیا بووە.