Skip to the content

دوای هێرشەکانی ئێران، شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، هێرشی مووشەکی و درۆنی کردە سەر ناوچەکانی نزیک کۆیە و پردێ و زڕگوێز لە هەرێمی کوردستان، شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی پێشمەرگە لەوبارەیەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەمە دەقەکەیەتی:

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە سنووری میحوەری پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە، بەشێک لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەکانی پارتی ئازادییی کوردستان، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بوردومان کران.

بۆردوومانەکە دوو گەڕ بووە، گەڕی یەکەم کاتژمێر ١٠:٣٠ ی بەیانی بوو، گەڕی دووەم کاتژمێر ١:٢٠ی دوای نیوەڕۆ بوو.

بەداخەوە لە بۆردوومانەکاندا، ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، هەروەها چەند ڕۆژنامەنووسێک بریندار بوون، لە نێویاندا پەیامنێر و وێنەگری کەناڵی کوردستان ٢٤ هەن.

ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی پێشمەرگە سەنگەریان لە تیرۆریستان گرتووە و رووبەڕووی ئەو تیرۆریستانە بوونەتەوە، کە بوونەتە بەشێک لە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئێمە لە شانەی راگەیاندن و هۆشیاریی پێشمەرگە، ئیدانەی ئەو بۆردوومانانە دەکەین، داواش دەکەین زۆر بە خێرایی ئەم کارە دزێوانە لەسەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە رابگیرێن.

شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی پێشمەرگە
٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢