Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی یۆنان لە هەرێمی کوردستان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە دکتۆر سیرۆس ستاڤروس کونسوڵی گشتیی یۆنان لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا کە بەڕێوەبەری پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی وەزارەت ئامادەی بوو، گفتوگۆیان لەبارەی برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرد و جەختیان لەسەر باشترکردن و پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە.

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا باسیان لە کردنەوەی خول و سیمینار و وۆرکشۆپی هاوبەش کردەوە، بەتایبەت لە بوارەکانی راگەیاندن و هۆشیاری، کە لەلایەن کەسایەتییە ئەکادیمی و زانستییەکانی زانکۆکانی یۆنان بۆ بەرزکردنەوەی توانا و ئاستی هێزەکانی پێشمەرگە بەڕێوە دەبرێن.

شایانی باسە لەماوەی رابردوودا، چەند شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی یۆنانیان کردووە، بە هەمان شێوە هاتنی شاندە ئەکادیمییەکانی یۆنان بۆ کوردستان هۆکار بوون بۆ بەڕێوەبردنی پلانی هاوبەش لە بواری مەشق و ئاڵوگۆڕی بیروڕا.