فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا پشتیوانی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 8ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەنەراڵ مایکل کورێللا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM)کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە جەنەراڵ ماتیۆ ماکفەرلین فەرماندەی گشتیی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا ئامادەی بوون، دوایین پەرەسەندنەکانی بارۆدۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە تاووتوێ کرا.
جەنەرال کورێللا قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بە ڕێبەرایەتیی سەرۆک مەسعوود بارزانی لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند و پابەندبوونی وڵاتەکەشی بە بەردەوامیی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد و کورتەیەکی دەربارەی پرۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە خستەڕوو .
گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.