لە دیداری سەرۆکی ئەرکان و سەرۆکی تیمی راوێژکارانی هاوپەیمانان جەخت لە بەردەوامیی چاکسازییەکان کرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ڕۆژی یەکشەممە ٤ ئابی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سۆریا سەرۆکی تیمی راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا باس لە ئامادەکارییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرا بۆ هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەو ئەفسەرانەی کە بڕیار وایە لە کاتی درووستکردنی فیرقەکان دەستبەکاربن؛ ئەویش لە رێگەی لیژنەیەک کە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، هاوکات باسی هاوکاری و یارمەتییە لۆجستییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان کرد، بەتایبەت لە پرسی پڕچەککردنی لیواکانی ٢١ و٢٢ کە بەم دواییانە هاتنە ژێر بڕیار و راسپاردەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.
پرسی مەشق و راهێنانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسەر ئەو چەک و کەرەستە سەربازییە مۆدێرنانەی کە دراونەتە وەزارەت، تەوەرەیەکی دیکەی ئەو دیدارە بوو.
سەرۆکی ئەرکان رایگەیاند "لە ئێستادا یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە جێگەی دڵخۆشییە لە هەموو روویەکەوە و بەجدی کاری بۆ دەکرێت. تا ئێستاش تونراوە چەند یەکهیەکی سەربازی بخرێنه سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ئەمەش بە هەنگاوێكی گرنگ و پێویست دەزانین بۆ ئایندەی هێزی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی بتوانین هێزێکی نیشتیمانیی تۆکمە ئامادە بکەین".
کۆڵۆنێڵ سۆریا پاڵپشتیی هاوپەیمانان و ئەمریکای بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە، بەتایبەت لە پڕۆسەی چاکسازی و مەشق و راهێنانکردن بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامیدان بە پرۆسەی رێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە کە دواجار تەواوی هێزی پێشمەرگە کوردستان بکەوێتە ژێر راسپاردە و بڕیارەکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە.