وەزارەتی پێشمەرگە و خاچی سووری نێودەوڵەتی هەماهەنگیی زیاتر دەکەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، عەمید روکن محەمەد سەعید، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە ئۆلیڤەر دیلبال، بەرپرسی بەشی سەربازیی کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە عێراق و لوقمان رەشید حەمید، بەرپرسی هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازیی کۆمیتەکە لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا تاووتوێی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و کۆمیتەی خاچی سووری نێونەتەوەییان کرد؛ هەردوولا جەختیان لەسەر باشترکردن و بەرەوپێشبردنی هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ئەم کۆمیتەیە لەبارەی ئەو چالاکییە هاوبەشانەی کە بۆ هۆشیارکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکرێن، کرد. وەک یاساکانی ململانێی چەکداریی نێودەوڵەتی و پابەندبوون بە مافی مرۆڤ و پاراستنی خەڵکی سڤیل،
میکانیزمی هەماهەنگی و کارکردن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە.
شایانی باسە لە ماوەی ڕابردوودا، کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتیمانی، زنجیرەیەک سیمینار و وۆرکشۆپیان بۆ لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامداوە، ئەوەش بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەبارەی یاسا و ڕێساکانی جەنگ و مافی مرۆڤ و یاساکانی ململانێی چەکداری و ئەرکەکانی خاچی سوور.