Skip to the content

وەزیری تەندرووستی نەخۆشخانەی پێشمەرگەی بەسەرکردەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندرووستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەیاوەریی دکتۆر دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندرووستیی هەولێر، سەردانی نەخۆشخانەی پێشمەرگەی کرد و لەلایەن لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر رەشید جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە و  بەرێوەبەری کاروباری پزیشکی و بەڕێوەبەر و پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانە پێشوازی لێ کرا.

لە دێدارێکدا بەئامادەبوونی نوێنەری حکوومەتی ئەڵمانیا بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە باس لەچۆنیەتیی پەرەپێدانی تواناکانی ستافی نەخۆشخانەی پێشمەرگە لەرووی توانا مرۆییەکانی پسپۆرییە پزیشکیەکان و  ئامێر و خول و ڕاهێنان و کارگێڕی و فراوانکردنی بەشەکانی نەخۆشخانە کرا.

لەم ڕووەوە دکتۆر سامان بەرزنجی ئامادەیی هەموو هاوکارییەکی وەزارەتی تەندرووستی نیشان دا و  رایگەیاند "بۆ زیاتر دەستکراوەییمان لەرووی یاساییەوە بۆ پەرەپێدانی ئەم نەخۆشخانەیە، پێویستە لێکتێگەیشتنی ئیداری لەنێوان وەزارەتی تەندرووستی و وەزارەتی پێشمەرگە هەبێت".

پاشان بەشێوەی مەیدانی بەشەکانی نەخۆشخانەیان بەسەرکردەوە و گفتوگۆی وردیان لەگەڵ پزیشک و ستافی بەشەکانی نەخۆشخانەی پێشمەرگە کرد.
بڕیاریش وایە کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو وەزارەت بەردەوامیان هەبێت.

لەکۆتاییدا جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە سوپاسی وەزارەتی تەندرووستی کرد بۆ بەسەرکردنەوەیان و ئاماژەی بەوەش دا کە پێویستە وەک رابردوو هاوکارێکی باشی نەخۆشخانەی پێشمەرگە بن.

وەزیری تەندرووستیش سوپاسی وەزارەتی پێشمەرگە و نەخۆشخانەی پێشمەرگەی کرد کە لە سەردەمی نەخۆشی کۆرۆنا بەدەم داواکاریی وەزارەتی تەندرووستییەوە هاتن و نەخۆشخانەیان بۆ نەخۆشانی کۆرۆنا تەرخان کرد. لەهەمان کاتیشدا ئامادەییی وەزارەتی تەندرووستی بۆ هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەک نیشان دا.