پێشمەرگە لە بناری چیای قەرەچوغ ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان ئەنجام دا
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-لە درێژەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی، کە هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجامیان دەدات، بۆ کێوماڵکردنی ئەو ناوچانەی گومانی هەبوونی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆریستانی لێیە، ئەمڕۆ ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لیوای ١٤ی پیادە، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان لە بناری چیای قەرەچوغ ئەنجام دا.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لیوای ١٤ی پیادە، کێوماڵی گوندەکانی گاور، کەنداڵ، گردە شین، مەلا ئاغا و کەپەنەڕەشیان لە بناری چیای قەرەچوغ کرد، تاوەکوو سەقامگیریی ئەمنیی زیاتری بۆ ناوچەکە دابین بکەن، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەنە خەڵک کە ناوچەکە ئارامە و ئاسایشی تەواوی هەیە.
ئەو ناوچانەی دەکەونە شوێنە داگیرکراوەکانی کوردستان یان ناوچەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ناوەندی، زۆرجار دەبێتە ناوچەی چالاکیی پاشماوەکانی داعش، بۆیە خەڵکی کوردستان بە کورد و عەرەب و تورکمانەوە داوای هاوکاریی پێشمەرگە دەکەن لە پاککردنەوەی ناوچەکانیان.