Skip to the content

پێشمەرگە ناوچە گومانلێکراوەکانی تیرۆرستانی داعش کێوماڵ دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ۱٤ـی ئەیلولی ٢٠٢٢، بەسەرپەرشتی عەمید محەمەد عەبدولڵا تەپەدێیی، فەرماندەی لیوای ٢٢ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە میحوەری چواری هێزەکانی پێشمەرگە، بۆ دووەم ڕۆژ ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنی سنووری ناوچەی قەرەحەسەن، لەگوندەکانی سیامەند سور، قشڵاخ، فەرقان، پەڵکانە، بزڵە، شێخ جیری بەردەوام بوو.
ئۆپەراسیۆنەکە لە دوو قۆڵەوە دەستیپێکرد و ماوەی شەش کاتژمێر و نیو بەردەوام بوو، کە تیایدا یەکەکانی سەر بە لیوای۲۲ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداربوون.
شایانی باسە ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای ئەوە دێت کە تیرۆریستانی داعش لە رێگەی تۆڕە کومەڵایەتییەکانەوە ترس و دڵەراوکێیان لەناو هاووڵاتیانی ناوچەکەدا بڵاوکردبۆوە.

بۆ دڵنیاکردنەوە و نەهێشتنی مەترسی و پاراستنی هاووڵاتیانی ناوچەکە، هێزەکانی پێشمەرگە ئەو ئۆپەراسیۆنەیان ئەنجام دا، کە کێوماڵی تەواوی ناوچەکەیان کرد و هێزی زیاتری پێشمەرگەش لە سنوورەکە جێگیر دەکرێت.