Skip to the content

کۆبوونەوەیەکی فرەلایەن لە بارەی چاکسازییەکانی بواری پێشمەرگە کرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ ٢٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی تایبەت بە پرسی چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە عەمیدی ئەندازیار نەبەز سەلاح، بەڕێوەبەری چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە و نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاریی سەربازی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گرێبەستەکان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتیمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین، فەرمانگەی یاسایی، تیمی راوێژکارانی هاوپەیمانان ئامادەی بوون، تاووتوێی ئەو پڕۆژانە کران کە لە بەرنامەی کاری بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیدان و پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتیانەدا هەیە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، ڕێکەوتێک بۆ هەر یەکێک لەو بەڕێوەبەرایەتیانە دیاریکرا، لەگەڵ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی کۆببنەوە.
دواتر هەر یەکەیان راپۆرتی دوا قۆناغی پڕۆژەکە بەرز بکەنەوە.

پاشان بەڕێوەبەری چاکسازی کورتەیەکی لەسەر دوا پەرەسەندنەکانی پڕۆژەی چاکسازی خستەڕوو، بەتایبەت ئەو پڕۆژانەی کە چوونەتە بواری جێبەجێکردن، هەروەها ئەو پڕۆژانەی کە لە بواری کارکردندان.

لە کۆتاییی کۆبونەوەکەدا، ئەمینداری گشتی، تیشکی خستە سەر گرنگیی پەیوەندیی نێوان بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی تایبەت بەپرسی چاکسازی و رایگەیاند "بە جێبەجێکردنی تەواوی بڕگەکانی چاکسازی ،دۆخی پێشمەرگە پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێ و دەبێتە جێی رەزامەندیی هەمووان."