بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە کونسولی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد
![](/media/19369/viber_image_2023-04-18_14-14-38-718-1400.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133263601010000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە ١٨ی نیسانی ٢٠٢٣، عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئۆلیڤیێ دیکۆنتینی، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی بەڕێوبەرایەتی گشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و ستراتیژی وەزارەتی بەرگری فەرەنسا کرد.
لە دیدارێک دا هەردوولا پێشهاتە سەربازی و سیاسییەکانی ناوچەکە بەگشتی و دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و هەوڵ و هەنگاوە هاوبەشەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ڕاوێژکارانی سەربازی سوپای فەرەنسا بۆ نەهێشتنی تیرۆر و پاڕاستنی سەقامگیری ناوچەکە خستە بەرباس.
بریکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە سوپاسی پاڵپشتی و هەماهەنگیەکانی وڵاتی فەرەنسای بۆ هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لەسەر پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە.
شاندی میوانیش، ستایشی هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتیان لە پڕۆسەی چاکسازی کرد و پاڵپشتی و پشتیوانی وڵاتەکەیان و ڕاوێژکارانی سەربازی سوپای فەرەنسایان لە هەرێمی کوردستان بۆ هێزی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.