Skip to the content

دەقی وتاری فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە رێورەسمی دەست بەکاربوونی فرقەکانی ١ و ٢ی پیادە

 ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی نیسانی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، و جەنەڕاڵ ماتیۆ ماکفەرلین فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، ژمارەیەک لە وەزیران و کونسوڵی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی فیرقەکانی(١و٢)ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
 
لەو ڕێوڕەسمەدا فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، وتارێکی پێشکەش کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:
 
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزەکانی پێشمەرگە
وەزیر و ئەندامانی پەرلەمانی بەڕێز
فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا و ئەفسەرانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان
کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان
میوانانی قەدرگران .. فەرماندە و ئەفسەرانی پێشمەرگە
بەخێربێن بۆ مەراسیمی دەستبەکاربوونی هەردوو فیرقەکانی (١ و ٢) ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە
ئامادەبوونتان پشتگیری و دڵگەرمیمان پێ دەبەخشێت و هانماندەدات بۆ بەردەوام بوونمان لەسەر پرۆسەی چاکسازی و بنیاتنانی لەشکرێکی بەهێزی خاوەن عەقیدە و باوەڕی نیشتمانی و سەربازی.
 
بەڕێزان، پڕۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر بنەمای دروستکردنی هێزێکی نیشتمانی و ڕێکخستنەوەی هەیکەل ومیکانیزمێکی نیزامی و دامەزراوەیی دەستپێکردووە و چەندین هەنگاوی دیار و بەرهەمداری بەخۆیەوە بینیوە.
لەم کاتەدا لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدا جیا لە بەردەوامیدان بە ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە پڕۆژەکانی ستراتیژی سەربازی و لۆجستی پێشمەرگە و مەشق و ڕاهێنان و بنیاتنانی ژێرخانی زانستی و گەیاندن و بەیەکەوە بەستنەوەی یەکە سەربازییەکان و ستراتیژیەتی نوێی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نمونەی پرۆژە سەرکەوتووەکانمانن.
هەروەها لەگەڵ ئەوەدا بە پشتیوانیتان بە هەموو توانایەکمانەوە بەردەوام دەبین لە کارکردن و بە گشتی پرۆسەکە دەگەیەنینە ئامانجی دیاریکراو، لە دروستکردنی یەک هێزی سەربازی نیشتمانی و سەرتاسەریی.
ئەمڕۆ لەم ڕێوڕەسمەدا موژدەی دەستبەکاربوونی فیرقەکانی ١ و ٢ی پیادە ڕادەگەیەنین کە دەبنە هەنگاوێکی دیکەی گرنگ لە پرۆسەکە و ڕێکخستنەوەی سەرکردایەتی و کۆنترۆڵکردن لە ناو یەکە سەربازیەکانماندا، ئەم هەنگاوەش زیاتر داهاتووی پێشکەوتنەکانی هێزەکانی پێشمەرگە پیشاندەدات. 
بەڕێزان ، لە دەستپێکی کارەکانمانەوە تا ئەمڕۆ بەپێی پلانێکی تۆکمەو داڕێژراو قۆناغەکانی دروستکردنی فیرقەکانمان بەمشێوەیە داڕشتووە:
یەکەم: هێنان و وەرگرتنی هێزەکان لە یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ بۆ ناو وەزارەتی پێشمەرگە.
دووەم: ڕێکخستنەوەی هێزەکان بەشێوەیەکی نیزامی و لە چوارچێوەی میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە.
سێیەم: دەستنیشانکردنی ستافی فەرماندەیی فیرقە، مەشق و ڕاهێنان بە ستافی فیرقە، دیاریکردنی ئەو لیوایانەی کە دەکەونە سنووری فیرقەکان و ئەمانە و چەند بابەت و کاروبارێکی تر دەبنە قۆناغی سەرەتای دروستبوونی فیرقەکان.
چوارەم: کۆکردنەوە و بەستنەوەی چوار لیوا لە چوارچێوەی فیرقەیەکی پیادە.
پێنجەم: دیارکردنی سنووری ئەرکی فیرقەکان.
شەشەم: لە چەند مانگی داهاتوودا دەبێت فیرقەکان بە تەواوی ئامادە بن و فەرماندەیی و سەرپەرشتی لیواکان بگرنە ئەستۆ و بە کردەیی ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
لەهەمان کاتدا ئەو کارنامەیەی کە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا واژۆ کراوە خشتەیەک دانراوە بۆسەرخستنی ئەرکی فیرقەکان و لەم چوارچێوەیەدا ئێمە کاری جدی دەکەین بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان.
پیرۆزبایی لە هەردوو فەرماندەی فیرقە دەکەین لیوا ڕوکن هۆگر سەڵاحەدین فەرماندەی فیرقەی (١) و  لیوا ڕوکن ڕێبوار مەحێدین محەمەد ئەمین فەرماندەی فیرقەی (٢)  هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
لێرەدا بە پێویستی دەزانین بە ڕێزو حورمەتی بێ پایانەوە ستایشی سەرۆک و ڕابەرمان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بکەین کە هەمیشە پاڵپشت و هاوسۆزی پێشمەرگە بووە و هەڵوێستی خۆشەویستانەی جەنابیان بۆ پێشمەرگە بەردەوام سەرچاوە و ئیلهامی ورەو خۆڕاگری وسەرکەوتنەکانمان بووە.
هەروەها بە دەرفەتی دەزانم لە حزورتان سوپاسی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکی حکومەت بکەم بۆپشتگیریی بەردەوامیان و سەرباری دۆخی دارایی بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا ئەوەی داوامان کردبێ  بۆمانیان جێبەجێکردووە.
هاوکات سوپاسی هاوپەیمانانی تیمی ڕاوێژکارانیان کە ماندوو نەناسانە شانبەشانی لیژنەکانی ئامادەکاری فیرقەکان زەحەمەتیان کێشاوە. هەروەها سوپاسی هەردوو جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و تیمەکانیان دەکەم کە لە خۆبووردووانە توانیان لە ماوەیەکی کەمدا ئەم سەرکەوتنە تۆماربکەن.
هیوادارین دەستبەکاربوونی ئەم دوو فیرقەیە ببێتە مایەی هاندانی زیاتربۆ تەواوکردنی پرۆسەی چاکسازی و بتوانین هەرچی زووترە موژدەی تەواوبوونی ئەرکەکانی دروستکردنی یەک هێزی نیشتمانی بە گەلەکەمان و دۆستانی گەل و کیانە فیدڕاڵیەکەمان بدەین، بێگومان ئەم خواستەشمان ستراتیژیەتێکی جێگیرە چونکە خواستی گەلەکەمانەو کاریگەری چارەنوسسازی بۆ سەر پاراستن و پێشخستنی قەوارەی هەرێم و ئایندەی ماف و ئامانجەکانی نەتەوەکەمان دەبێت.
ئومێدەوارین لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕێوڕەسمی زیاتری لەم جۆرە ئەنجامبدەین و موژدەی زیاتر بە هێزەکانی پێشمەرگە و شەهیدان وخانەوادەکانیان و گەلەکەمان بدەین.
 
فەریق ڕوکن
عیسا عوزێر
سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە