لە ساڵی نوێدا پشکنینی فێرکاری بۆ چەند یەکەیەکی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام درا
![](/media/19394/58fe30b2-d1a5-4974-aba8-a9a407b06abb.jpeg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133268196640000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتی (المفتشية العامة)ی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بەمەبەستی باشتر کردنی راپەڕاندنی ئەرک و کارەکانی لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، ساڵانە پڕۆسەی پشکنینی فێرکاری بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکان و لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دەدات، ئەمەش بەپێی نەخشە رێگا و بەرنامە و پلانێکی ورد، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتی داڕێژراوە و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەش پەسندی کردووە.
بۆ ئەم مەبەستە و لە رۆژانی (٣، ٥، ١٧، ١٨)ی نیسانی ٢٠٢٣، لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتی، پشکنینی فێرکارییان بۆ بەڕێوەبەرایەتی مەشقی سەربازی و بەڕێوەبەرایەتی هەماهەنگی و پەیوەندییەکان و ئیدارەی کارمەندان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاکەکان و خۆبەخشەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ئەنجام دا.
تەواوی ئەو یەکانە کە پشکنینیان بۆ ئەنجام دراوە، وەڵام دانەوەیەکی باشیان هەبوو، ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان بەپێی ئەو رێکار و رێنماییە نوێیانە، کە لەلایەن پشکنەرانەوە پێیان دراوە، هەروەها کەموکوڕی و پێداویستیەکانی یەکەکانیان دەستنیشان کرد و رێگا چارەی پێویستیان بۆ دیاری کردن.