Skip to the content

بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی ئەرکان چەند خولێکی جۆراوجۆر کۆتایی هاتن

ڕۆژى چوارشەممە، ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی لیوا ڕوکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە و کۆڵۆنێڵ ستیفانۆ سلڤادۆری فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی چەند خولێکی جۆراوجۆری وەک نیشانەشکێنی و شەڕی کۆڵانان و دانانی خاڵی پشکنین بەڕێوە چوو.

لیوا ڕوکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە لە گوتەیەکدا سوپاس و پێزانینی وەزارەتی پێشمەرگەی بە فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا و ڕاوێژکاران و ستافی ڕاهێنەرانی مەشقی سەربازیی ئەو وڵاتەی لە هەرێمی کوردستان گەیاند و کردنەوەی ئەو جۆرە خولانەی بە بنەمایەک بۆ دروستکردنی هێزێکی مەشقپێکراو و ڕاهێنراو به زانستی سەربازی بۆ ئایندەی هێزی پێشمەرگە بە پێویست زانی، هاوکات داوای فراوانکردنی بازنەی هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتری لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی زێرەڤانی کرد، بەتایبەت لە پرسی مەشق و ڕاهێنان.

ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی لیواکانی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی زێرەڤانی بۆ ماوەی نریکەی مانگێک مەشق و ڕاهێنانیان لەسەر چەکی نیشانەشکێن پێ کرا، هاوکات بە شێوەی پراکتیکییش ئاشنای شەڕی کۆڵان بە کۆڵان و دانانی خاڵی پشکنین کران.