Skip to the content

بەئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی فرقەکان بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ ٤ی نیسانی ٢٠٢٣ ، لەژێر چاودێری  نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە ئامادەبوونی مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێم و جەنەڕاڵ ماتیۆ ماکفەرلین، فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، ژمارەیەک لە وەزێران و کونسوڵی وڵاتان لە هەرێم و فەرماندە باڵاکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و راوێژکارانی باڵای  هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی فرقەکانی(١و٢)ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو. 
لەو رێوڕەسمەدا نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە وتەیەکدا پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و فەرماندەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان کرد و گوتی:''ماییەی خۆشحاڵییە کە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان بەیەکەوە لە ریزەکانی پێشمەرگە خەبات دەکەن و هیوادارم رێگە خۆش بکرێت بۆ بەشداریکردنی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی کوردستان لە رێزەکانی هێزی پێشمەرگە و جەختیشیکردەوە کە پێشمەرگە هێزی هەموو گەلی کوردستانە بە هەموو نەتەوە و پێکهاتە و ئاینەکانەوە.

 سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند:''هەموو تواناکانمان دەخەینەگەڕ کە هێزی پێشمەرگە لە هەموو روویەکەوە بەرەو پێش ببەین و هەموو پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکرێن و باشترین مەشق و راهێنانیان هەبێت و لەرووی پەروەردە و پڕەنسیپەوە بەگیانی نیشتیمان پەروەری و سەربازی سەردەمیانە وەک هێزێکی نیشتمانی گۆش بکرێن.''

نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند: ''دروستکردنی ئەم فیرقانە یەکێکە لە ئامانجەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و بەشێکی گرنگە لە پڕۆسەی چاکسازی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگەی دڵخۆشیە و ێڕای ناکۆکی سیاسی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە نەوەستاوە بەردەوام کاری لەسەر دەکرێت.''

فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان گوتیشی، جێگای دڵخۆشیە هۆشیاریەکی بەرز لای پێشمەرگە و ئەفسەرو فەرماندەکانی پێشمەرگە دروستبووە بۆ پێویستی یەکبوونی پێشمەرگە، ئەوان نایانەوێت پڕۆسەی یەکخستن و رێکخستنەوەی پێشمەرگە بوەستێت و نایانەوێت هێچ ناوێکی سیاسی و حزبایەتیان لەسەر بێت و دەیانەوێت پێشمەرگەی کوردستان بن نەوەک حزب، ئەمەش باوەری ڕەسەن و راستەقینەی پێشمەرگەیە.

هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کرد کە بۆماوەی چوارساڵ نوێکراوەتەوە. سوپاسی  لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکای کرد لە ماوەی سەردانی رابردووی بۆ بەغدا و هەولێر زۆربەروونی نیاز و پشتیوانی ئەمریکای پێراگەیاندین بۆ بەردەوامیدان لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگەدا وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، هەروەها وەزارەتی بەرگری ئەمریکا یارمەتی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەدات و گوتیشی:''زۆر سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دەکەم بۆ پشتیوانی بەردەوامیان لە پێشمەرگە و پێیان دەڵێن، تیرۆر هێشتا مەترسیەکی راستەقینەیە لە عێراقدا، بۆیە پێشمەرگە پێویستی بەپشتیوانی ئێوەیە بۆ لە ناوبردنی یەکجارەکی داعش، لەم ڕێگەیەدا پێکەوە دەستمان پێکردوە و دەبێت بەیەکەو تەواوی بکەین و ئێمە هێشتا لەگەڵ هاوپەیمانان ئەرکمان تەواو نەبووەو کاری هاوبەشمان ماوەبەیەکەوە بیکەین، سوپاسی پشوو درێژی و بەردەوامی هاوکارییەکانیان دەکەین لەپڕۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگەدا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو پشتیوانیە نێودەوڵەتیەی بۆ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان زۆر بەگرنگ وەسفکرد کە بە ئازایەتی و قارەمانیەتی پێشمەرگە بەدەستهاتووە و رایگەیاند، پێشمەرگە بەتێکشکاندنی ئەفسانەی داعش ئەو پشتیوانیەی بەدەستهێنا، پێشمەرگە سەلماندی کە شایانی بەدەسهێنانی خۆشەویستی گەڵانی جیهانە و شایستەی هەموو پشتیوانێکە، بۆ ئەوەی بتوانین دەستهەڵاتی دامەزراوەیی بچەسپێنین و پڕۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین، بۆ ئەوەی ئازادییە گشتیەکان و سەقامگیری ئەمنی لە هەرێم بپارێزین، بۆ ئەوەی دڵنیایی تەواو بدەینە هاوڵاتیان، بۆ ئەوەی یارمەتی و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ پێشمەرگە بەردەوام بێت، دەبێت پێشمەرگە بکەینە هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمان.

گوتیشی مێژووی هاوچەرخی ئێمە و دەستکەوتەکانمان بەرهەمی خۆراگری و بەرخودانی پێشمەرگەیەو ئێستاش پێشمەرگە یەک ئامانجیان هەیە ئەویشرزگاری کوردستان و ئازادی کوردستانە، بە دامەزراوەیی کردن و رێکخستنەوە، باشترین رێزگرتنە لەناو و ناوبانگ و خۆراگری  پێشمەرگە و دەبێت جێبەجێ بکرێت و دەبێت بەرگی حزبایەتیلەسەر پێشمەرگە رابماڵدرێت. 
پاشان  عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە وتەی بەخێرهێنانی پێشکەش کردو لەوتەیەکدا گوتی:'' ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێدەنێتە قۆناغێکی نوێی بە دامەزراوەی کردنی سەربازییانەی هێزەکانی، کە هاوتایە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەربازی سەردەم، دروستکردنی ئەم دوو فرقەیە دەبێتە فاکتەرێکی گرنگ بۆ بەرەو پێشبردنی کاروانی چاکسازی و پتەوکردن و تۆکمەکردنی ریزەکانی پێشمەرگە لە جێبەجێکردنی ئەرک و مەهامی نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان.''

 راشیگەیاند: ''پێویستە حکومەتی عێراق ووەزارەتی بەرگری عێراق هەرچی زووە هەنگاو بنێن بۆ دەستبەکاربوون و ئەرک بینینی ئەو دوو لیوایە هاوبەشەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری  کە بریاری لێدراوە، چونکە بە دەستبەکاربوونی ئەم دوو لیوایە یەکانگیر دەبێت لەگەڵ بەرنامەو پلانی ئەرکمان بۆ پاراستنی ناوچەکە لە مەترسیەکانی تیرۆر و تیرۆرستان.''

پاشان لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی:''ئەمڕۆ خالێکی وەچەرخانە بۆ خەڵکی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بەتایبەت لە فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵکردن(القیادة والسیطرة) کە فاکتەری سەرەکی بەهێزبوونی متمانەیە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.''

 ئەمیندای گشتی راشیگەیاند، سەرەڕای بوونی ئەو ئاڵنگاری و کێشانەی رووبەرووی چاکسازیبوونەوە، بەو هیوایەی کە بتوانین بەسەر ئاڵنگاری و ئاستەنگەکانی داهاتوو زاڵ بین بەتایبەت ناکۆکیە سیاسیەکان لە هەرێمی کوردستان کە نەبێتە رێگر لەبەر دەم هەنگاوەکانی چاکسازی.

 گوتیشی:'' ئومێدەوارین بەم هەنگاوە فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵکردن باشتر بکەین لە ناو هێزی پێشمەرگە و بتوانین بوودجەیەکی سیادی فەراهەم بکەین، بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و سیستەمێکی نوێ و مۆدێرن لە وەرگرتنی ناو بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابندرێت بەجۆرێک هەموو کەسێک بەشدار بێت لەخزمەتکردن لەناو هێزەکانی پێشمەرگە.''
دواتر لەلایەن لیوا روکن نەجمەدین عومەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان فەرمانی هەرێمی بۆ دەستبەکاربوونی هەردوو فرقەی(١و٢)ی پیادە بە واژووی نێچیرڤانی بارزانی سەرۆکی هەرێم و فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خوێندرایەوە. 
لەبەردەوامی رێوڕەسمەکەدا وتاری تیمی باڵای هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەلایەن جەنەڕاڵ ماتیۆ ماکفەرلین، فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق وسوریا پێشکەشکرا، جەنەڕاڵ ماکفەرلین خۆشحاڵی خۆی بەم هەنگاوەی هێزی پێشمەرگە دەربڕی. 

گوتی: هیوادارین گۆرانکارییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوامی هەبێت و لەهەمان کاتدا پاڵپشتی و پشتیوانی ئەمریکا و  هاوپەیمانانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە  بۆ بەردەوامیدان بەشەری دژی تیرۆرو رووبەروو بونەوەی داعش. 
دواتر لەلایەن فەریق روکن عیسا عوزێر ، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە چەند روونکردنەوەیەک سەبارەت بەچۆنیەتی دروستبوونی هەردوو فیرقەی(١و٢)ی پیادە و هەوڵ و هەنگاوەکانی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بنیاتنانی یەک هێزی نیشتیمانی وسەرتاسەری خرایە روو و ئاماژەی بەوەدا: ''پڕۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر بنەمای دروستکردنی هێزێکی نیشتیمانی و رێکخستنەوەی هەیکەل و میکانیزمێکی نیزامی و دامەزراوەیی دەستپێکردوە و چەندین هەنگاوی دیار و بەرهەمداری بەخۆیەوە بینیوە.

لەم کاتەدا لەچوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدا جیا لە بەردەوامیدان بە رێکخستنەوەو یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە  پرۆژەکانی ستراتیژی سەربازی و لۆجستی پێشمەرگەو مەشق و ڕاهێنان و بنیاتنانی ژێرخانی زانستی و گەیاندن و بەیەکەوە بەستنەوەی یەکە سەربازییەکان و ستراتیژیەتی نوێی راگەیاندن و هۆشیاری نمونەی پرۆژە سەرکەوتووەکانمانن. 

هەروها لەگەڵ ئەوەدا بە پشتیوانیتان بە هەموو توانایەکمانەوە بەردەوام دەبین لەکارکردن، بە گشتی پرۆسەکە دەگەیەنینە ئامانجی دیاریکراو، لە دروستکردنی یەک هێزی سەربازی نیشتیمانی و سەرتاسەریی. ئەمڕۆ لەم رێوڕەسمەدا موژدەی دەستبەکاربوونی فیرقەکانی ١ و ٢ی پیادە رادەگەیەنین کە دەبنە هەنگاوێکی دیکەی گرنگ لە پرۆسەکە و رێکخستنەوەی سەرکردایەتی و کۆنترۆڵکردن لەناو یەکە سەربازیەکانماندا، ئەم هەنگاوەش زیاتر داهاتووی پێشکەوتنەکانی هێزەکانی پێشمەرگە پیشاندەدات.

هاوکات سەرۆکی ئەرکان لەدرێژەی وتارەکەیدا رایگەیاند: سوپاسی سەرۆک بارزانی و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان و تیمی راوێژکارانیان دەکەم کە ماندوو نەناسانە شانبەشانی لێژنەکانی ئامادەکاری فیرقەکان زەحمەتیان کێشا، هەروها سوپاسی هەردوو جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و تیمەکانیان دەکەم کە لەخۆبوردووانە توانیان لە ماوەیەکی کەمدا ئەم سەرکەوتنە تۆمار بکەن.
هیوادارین دەستبەکاربوونی ئەم دوو فیرقەیە ببێتە مایەی هاندانی زیاتر بۆ تەواوکردنی پرۆسەی چاکسازی و بتوانین هەرچی زووترە موژدەی تەواوبوونی ئەرکەکانی دروستکردنی یەک هێزی نیشتیمانی بە گەلەکەمان و دۆستانی گەل و کیانە فیدراڵیەکەمان بدەین، بێگومانئەم خواستەشمان ستراتیژیەتێکی جێگیرە چونکە خواستی گەلەکەمانەو کاریگەری چارەنوسسازی بۆ سەر پاراستن و پێشخستنی قەوارەی هەرێم و ئایندەی ماف و ئامانجەکانی نەتەوەکەمان دەبێت.a