جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان پێشوازی لە بەرپرسی تیمی سەربازیی ئەڵمانیا کرد
ڕۆژى دووشەممە، ١٠ی نیسانی ٢٠٢٣، لیوا ڕوکن نەجمەدین عومەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ نیکوڵای، بەرپرسی تیمی سەربازیی ئەڵمانیا و مێجەر تۆم، ڕاوێژکاری سەربازیی ئەڵمانیا کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین بەرەوپێشچوونەکان و هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە و پرسی ڕێکخستنەوەی یەکە جیاوازەکانی هێزی پێشمەرگە و میکانیزمی مەشق و ڕاهێنانەکان کرا.
تەوەرەیەکی تری کۆبوونەوەکە دووپاتکردنەوە بوو لەسەر بەردەوامیدان بە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان؛ جێگری سەرۆکی ئەرکان ڕۆڵی ڕاوێژکارانی سەربازیی سوپای ئەڵمانیا و هاوپەیمانانی بەرز نرخاند بۆ پێشکەشکردنی ڕاوێژ و پاڵپشتیکردنیان لە پلانی ستراتیژیی وەزارەت لە پڕۆژەیاسای چاکسازی بۆ ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و هاوکاری و هەماهەنگیی ڕاوێژکاران کە جێی بایەخ و هۆکاری سەرکەوتنی ئەم هەنگاوانەیە.