سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ دووشەممە ٣ی نیسانی ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سانبۆڕن، بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کرد.
لەدیدارێکدا کە لیوا حافز محمد علی، ئەمین سڕی سەرۆکایەتی ئەرکان ئامادەی بوو، دواین هەوڵەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە پڕۆسەی دووبارە ڕێکخستنەوەی یەکە و هێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە و قۆناغەکانی ئایندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خرایە بەرباس.
سەرۆکی ئەرکان وێڕای ستایشی تیمی ڕاوێژکارانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی، کە هەمیشە هاوکار و پاڵپشتی وەزارەتی پێشمەرگە بوون رایگەیاند:''لەبابەتی دروستکردنی فرقەکان هەنگاوی باش و خێرامان ناوە بۆ دەستبەکاربوونیان لە پڕسی چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە.''
سەرۆکی ئەرکان ئاماژەی بە هەوڵەکانی وەزارەت داو، دروستکردنی یەک یەکەی ژمێریاری و یەکگرتنەوەی بەشێک لە یەکە سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگەی بە سەرەتایەکی دڵخۆشکەر داناو راشیگەیاند:'' قۆناغ بە قۆناغ و بە پێی توانا بە هاوکاری هاوپەیمانان هەنگاو دەنێین بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانمان.''
لەکۆتایی دیدرەکەدا هەردوولا کۆکبوون لەسەر هەماهەنگی و گرنگی دانی زیاتر بەپەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی ئەمریکاو هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بە ئەنجام گەیاندنی کۆی ئەو پرۆسەییەی کە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەپاڵپشتی تەواوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاری هێزی هاوپەیمانان لەناو پرۆژە یاسای چاکسازییدا کاری لەسەر دەکات.