سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لەشاندێکی سەربازی وەزارەتی بەرگری ئیتالیا کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-بنیادنانی ژێرخانێکی بەهێزی سەربازی و دروستکردنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی لەهەرێمی کوردستان زامنی سەرکەوتن و پێشخستنی هەرێمی کوردستانە لە ئایندەدا. ئەم وتانەی سەرۆکی ئەرکان لە میانەی پێشوازیکرن لە جەنەڕاڵ ئەلیساندرۆ گراسانۆ، سەرۆکی شاندی سەربازی وەزارەتی بەرگری ئیتالیا بوو کە لە میانەی کۆبوونەوەیەک هات لە رۆژی سێشەممە ١٨ی نیسانی ٢٠٢٣، لە گەڵ شاندێکی سەربازی وەزارەتی بەرگری ئیتالیا ئەنجامی دا.
لە کۆبوونەوەکەی دا فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ سەرۆکی شاندی سەربازی وەزارەتی بەرگری ئیتالیا پەڕەپێدانی پەیوەندییەکان و کارەکانی داهاتووی تیمی سەربازی سوپای ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان خرایە بەرباس.
هاوکات تیشک خرایە سەر هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوامی هێزەکانی ئیتالیا بۆ هێزی پێشمەرگە و سەرۆکی ئەرکان خۆشحاڵی خۆی بەکارکردنی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی دا ئیتالیا لە ماوەی رابردوودا لە رێگەی ڕاوێژکارەکانییەوە لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژی داعش هاوکار بووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە.
فەریق روکن عیسا عوزێر ئاماژەشی بەوەدا کە هەنگاوەی وڵاتانی هاوپەیمان وادەخوازێت خێراتر کاربکرێت بە ئاراستەی یەکخستنەوەی تەواوی هێزە جیاوازەکان بۆ ژێر بریار و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ڕاشیگەیاند:''قۆناغی ئێستای هێزی پێشمەرگە پێویستی بە هاوکاری زیاتری دۆستانمان لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی هەیە بۆ بنیادنانی ژێرخانێکی بەهێزی سەربازی و دروستکردنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی پابەند بە دیسپلینە سەربازییەکان لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەم خواستەمان ستراتیژیەتێکی گشتگیرە و خواستی گەلەکەمانە کە زامنی پێشخستن و پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستانە.''
جەنەڕاڵ ئەلیساندرۆ گراسانۆیش رایگەیاند:''وەک بەشێک لە ئەرکی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی پابەندین بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە'' و خۆشحاڵی خۆیشی لە بەرەو پێشچوونی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دەربری و
دووپاتیکردەوە کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە ڕاوێژ پێدان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بواری مەشق و راهێنان.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە جێگرانی سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەڕاسیۆنەکان و ئیدارە ومیرە، ئەمین سڕی سەرۆکایەتی ئەرکان و بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت و فەرماندەی هێزەکانی ئیتالیا و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی ئەو وڵاتە لەهەرێمی کوردستان ئامادەی بوون.