دووپات لەبەردەوامیدان بە پرۆسەی چاکسازی کرایەوە
بەردەوامیدان بە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی یەکە جیاوازەکان و جێبەجێکردنی تەواوی برگە و خاڵەکانی پڕۆژە یاسای چاکسازی تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی فراوانی ئەمڕۆی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بوو.
ئەمڕۆ ١ ئابی ٢٠٢٣، لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محەمد سدیق، ئەمینداری گشتی، جێگرانی سەرۆکی ئەرکان، راوێژکاری وەزارەت، ئەمین سڕی سەرۆکایەتی ئەرکان، کۆڵۆنێڵ جیم هەنتەر بەرپڕسی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لەهەرێم، کۆڵۆنێڵ میشێڵ گاچێرۆ بەرپڕسی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و شاندێکی ڕاوێژکارانی هاوپەیمان لەهەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا، دووپات لە بەردەوامیدان بەپرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی یەکە جیاوازەکان و جێبەجێکردنی تەواوی برگەو خاڵەکانی پڕۆژە یاسای چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرایەوە کە رەزامەندی سەرۆکایەتیەکانی هەرێمی کوردستانی لەسەرە.
لەتەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە، لە چارەسەرکردنی کێشە و کەمو کوڕییەکان و پشتیوانی کردن لە لەپێناو کارا بوون و بەگەڕخستنی تەواوی تواناکان لەناو یەکەکاندا بە ئامانجی خێراترکردنی ڕێکارەکان و هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی تەواوی هێزەکان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
لە کۆتایی دا ئاستی ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغی داهاتووی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خرایە بەرباس و هاوکات دووپات لەپابەندبوونی هاوپەیمانی نێوودەوڵەتی کرایەوە لەپشتگیریکردن و هەماهەنگی کردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دا.