رێککەوتنێک لە نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و هێزەکانی ئەڵمانیا واژۆ کرا
لە چوارچێوەی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان هێزەکانی ئەڵمانیا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، رۆژی ٣ی ئابی ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ دێرک بۆلینگەر، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەڕێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارێکەدا، باس لە باشترکردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا، هەروەها گفتوگۆیان کرد لەبارەی گەیاندنی هاوکارییە لۆجستییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.
دواتر هەردوولا رێککەوتنێکی هاوبەشیان واژۆ کرد بۆ رادەستکردنی کۆمەڵێک کەرەستە و پێداویستی لۆجستی و کەرەستەی یەدەگی چەکە ئەڵمانییەکان، کە بەتایبەت لە وڵاتی ئەڵمانیاوە پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگە کراون.
سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیا و تیمی راوێژکارانی سوپای ئەڵمانیای لە هەرێمی کوردستان کرد و دەستخۆشی لێ کردن لەپای خەمخۆری و بەجێ گەیاندنی بەڵێنەکانی خۆیان بۆ دەستەبەر کردنی پێداویستیە لۆجستیەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.
لای خۆیەوە کۆڵۆنێڵ بۆلینگەر سوپاسی سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد، بۆ هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوامی ئەوان لەگەڵ تیمە راوێژکارییەکانی سوپای ئەڵمانیا و بەڵێنی دا، کە بەردەوام دەبن لەسەر دابین کردنی بەشێکی تری پێداویستیەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.