سەرۆکی ئەرکان سەردانی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە ئەمەریکا کرد
ڕۆژی ١٠ ی ئابی ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، سەردانی نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا کرد و لە لایەن تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتى هەرێم لە واشنتۆن پێشوازیی لێ کرا.
لەو دیدارەدا نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان، وێڕاى بەخێرهێنانى شاندى سەربازیی وەزارەتى پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە بەرنامەى سەردانى شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرا و پاڵپشتیی نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە واشنتۆن بۆ سەرۆکایەتیی ئەرکان و شاندی یاوەری دووپات کرایەوە.
سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە ئەمریکا کرد و لە گوتەیەکیدا جێبەجێکردنی خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکای دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوەش دا "پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە، قۆناغ بە قۆناغ پەیڕەو دەکرێت و لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی."