وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان تاووتوێی نوێترین چاکسازییەکانی پێشمەرگەیان کرد
لە میانی کۆبوونەوەیەکی باڵای فەرماندەییی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بە ئامادەبوونی لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، جەخت لەسەر هاوکاری و هەماهەنگیی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگە کرایەوە.
ڕۆژی ١٤ی ئابی ٢٠٢٣، جێگری سەرۆکوەزیران، بە ئامادەبوونی لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازیی لە وەفدێکی باڵای ھاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ژەنەراڵ ماتیۆ ماکفارلین و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەدا کە ژەنەرال جۆول ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی نوێی ھاوپەیمانانیش ئامادەی بوو، تاووتوێی چۆنیەتیی بەرەوپێشچوونی ھەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرا. ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی قۆناغ بە قۆناغی پرۆژەی چاکسازی بەو شێوەیەی کە پلانی بۆ دانراوە.
هەر لەم بارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە دوور بخرێتەوە لە ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان و بەرپرسانی وەزارەت دەبێت لەپێناو جێبەجێکردنی پرۆژەی چاکسازی و دروستکردنی ھێزێکی نیشتمانیی ڕاھێنراو بە شێوەیەکی پیشەیی و بەدوور لە ململانێی سیاسی ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
شاندی باڵای ھاوپەیمانان لە عێراق و سوریا دووپاتیان کردەوە "بەردەوام دەبن لە ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە" و جەختیشیان کردەوە "بەردەوامبوونی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاستی ھەماھەنگی و ھاوکارییەکان خێراتر و بەھێزتر دەکات."