Skip to the content

ئەمەریکا لە پشتیوانییەکانی بۆ چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە

ڕۆژی چوارشەممە، ۹ی ئابی ۲۰۲۳، لیوا نەبەز سەڵاح سدیق، بەڕێوەبەری چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازیی لە ئەنتۆنی سینۆت، ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرد.

لە کۆبوونەوەکدا تیمی چاکسازی پوختەیەک لە پرۆژەکانی چاکسازییان خستە ڕوو، هەروەها دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازیی وەزارەت و بارودۆخی پرۆژەکان تاووتوێ کرا. لە لایەن خۆیەوە ئەنتۆنی سینۆت پاڵپشتیی خۆی و وڵاتەکەی بۆ پرۆسەی چاکسازی و چۆنیەتیی بەرەوپێشبردنی ئەم پرۆسەیە لە وەزارەتی پێشمەرگە خستە ڕوو.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر گرنگیی پاڵپشتیی هێزەکانی هاوپەیمان و بەردەوامیی سەرپەرشتیکردن و ڕاوێژکاریی پرۆژەکانی چاکسازی لە لایەن گرووپی ڕاوێژکارانی وڵاتانی فرەنەتەوەوە (MNAG).