Skip to the content

بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوە چوو

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣٠ی ئابی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتیی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنەکە، لەناویاندا فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکان و گرنگترین ئاستەنگییەکان و ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەیان تاووتوێ کرا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنەکە میوانداریی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزیری کارەبا و لیژنەی تەکنیکیی پرۆژەکانی کەهرۆنەوەوی کرد، کە تیایدا گفتوگۆیان کرد لەبارەی وەبەرهێنانی وزەی ناوکی، بۆ دەستپێکردن بە دروستکردنی کارلێکەری ناوەکیی سنووردار بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانە و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای خاوێن، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سەرچاوەکانی تری وزە وەک گاز و نەوت و کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر سەقامگیریی وزەی کارەبا بۆ ماوەیەکی درێژ.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغی دووەم کرا و دەست کرا بە قۆناغی سێیەم بۆ پلانی گواستنەوەی بەرپرسیارێتیی ئەمنی لە وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ، دوای سەرکەوتنی قۆناغی یەکەم، کە پارێزگاکانی موسەنا و دیوانیە و واست ی لەخۆ گرتبوو، لە کاتێکدا قۆناغی دووەم پارێزگاکانی نەجەف و زیقار لەخۆ دەگرێت و چاوەڕوان دەکرێت قۆناغی سێیەم پارێزگاکانی سەلاحەدین و ئەنبار و نەینەوا بگرێتەوە.