Skip to the content

بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لەهەولێر سەردانی سەنتەری زمانی کرد

رۆژی سێشەممە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٣ شاندێکی سەربازی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، بەسەرۆکایەتی کۆلۆنێل میشێل گاچێرۆ، بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایش لەکونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و ئەنتۆنی سینۆت، ڕاوێژکاری وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، سەردانی سەنتەری زمان بۆ پێشمەرگەیان لە بەڕێوبەرایەتی چاکسازی کرد و لەلایەن عەقید سعداللە رەمەزان، بەڕێوبەری سەنتەری زمان بۆ پێشمەرگە و عەقید شاخەوان سەلام، بەڕێوبەری بەشی توێژینەوەو پەرەپێدانی پرۆژەکانی چاکسازی پێشوازییان لێکرا.

ئامانج لەو سەردانەدا، هەماهەنگی کردنی زیاتر بوو لەگەڵ سەنتەری زمان بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی هەڵسەنگاندنی زمانی ئینگلیزی و ئاگاداربوون لەسەر بەڕێوەچوونی کۆڕسی خوێندنی زمان و دروست کردنی پەیوەندی لەگەڵ پەیمانگای(DLI)ی ئەمریکی بۆ خوێندن.

لە تەوەرێکی دیکەدا، باسی کار و چالاکییەکانی بەڕێوبەرایەتی چاکسازی بە گشتی و سەنتەری زمان بە تایبەت کرا، بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، دڵخۆشی خۆی بە کارەکانی سەنتەری زمان دەربری و پاڵپشتی وڵاتەکەشی بۆ سەنتەری زمان بۆ پێشمەرگە و پرۆژەکانی بەڕێوبەرایەتی چاکسازی دووپات کردەوە.