Skip to the content

بەیاننامەی هاوبەشی دیالۆگی هاوکاریی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق

لە ڕۆژانی ٧ و ٨ ی ئابی ٢٠٢٣، لە واشنتن، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی بەرگریی عێراق، یەکەمین گەڕی گفتوگۆی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەشی ئاسایشی نێوانیان کرد، تیایدا هەردوولا پابەندبوونیان بە هاوکاری ئەمنی و بەرژەوەندیی هاوبەشی سەقامگیریی ناوچەکە دووپات کردەوە.

شاندی وەزارەتی بەرگریی عێراق بە سەرۆکایەتیی سابت محەمەد ئەلعباسی، وەزیری بەرگریی عێراق، بە ئەندامێتیی فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر یاروڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق و فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و چەند ئەفسەرێکی تری باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە بوو، شاندی وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بە سەرۆکایەتیی سەلێست واڵاندەر یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بوو.

پاشان شاندی عێراق، کۆبوونەوەی جیای لەگەڵ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش و دەزگای هاوکاریی ئاسایشی بەرگری و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا و وەزارەتی دەرەوە و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەنجام دا.

لە تەواوی ئەم کۆبوونەوانەدا، گفتوگۆ کرا لەبارەی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و قوڵکردنەوەی هاوکارییە ئەمنییەکان و کۆمەڵێک پرسی تر و پێشخستنی بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات، بە تایبەتی لە ڕووی ئاسایش و پاراستنی سەروەریی عێراق و سەقامگیری بۆ ناوچەکە.

گفتوگۆی هاوکاری و هاوبەشیی ئاسایش لەسەر ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنی ستراتیژیی هاوبەشی دوولایەنە بنیات نراوە، کە لە لایەن هەردوو لاوە پێشتر گفتوگۆی لەسەر کراوە، لەوانەش گفتوگۆی ستراتیژیی تەممووزی ٢٠٢١ی ئەمریکا و عێراق و لیژنەی باڵای هەماهەنگیی نێوان ئەمەریکا و عێراق لە شوباتی ٢٠٢٢، شاندەکانی ئەمریکا و عێراق هەردوو لا پێشوازییان لە جێبەجێکردنی تەواوی گفتوگۆکانی ستراتیژیی نێوانیان کردەوە.

لەم گفتوگۆیانەدا دووپات کرایەوە، کە ئەمەریکا هیچ هێزێکی شەڕکەری لە عێراقدا نابێت و تەنیا ئەو هێزانەی لە عێراقدان ئەرکیان مەشق و ڕاهێنان و راوێژپێدان دەبێت بە هێزە عێراقییەکان، لە ڕووی هاوبەشیکردن و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و هەواڵگرییەوە پشتیوانی لە عێراق دەکەن لە شەڕی دژی داعش.

هاوبەشی و هاوکاریی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەناویاندا پێشمەرگە و پابەندبوونی هاوبەش بە سەقامگیریی ناوچەکە دووپات کرایەوە، هەروەها پشتیوانیی کردە ئۆپەراسیۆنیەکان دەکرێ لە ڕێگای سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزی هاوبەشی یەکگرتووی سەربازی و ئۆپەراسیۆنی چارەسەری بنەڕەتیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی (CGTF-OIR) بۆ ڕاهێنان و ڕاوێژپێدان.

لەم گفتوگۆیانەدا پرسی هاوپەیمانان بۆ دیاریکردنی چۆنیەتیی پەرەسەندنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانێتی لەسەر خشتەی کاتی، دەستنیشان دەکرێت بۆ ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
* هەڕەشەی داعش.
* پێداویستییەکانی کارکردن و ژینگەیی.
* ئاستی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
* شاندەکانی عێراق و ئەمەریکا و پابەندبوون بە پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی باڵای سەربازی لە نێوان ئەمەریکا و عێراق بۆ هەڵسەنگاندنی پرۆسەی داهاتوو، کە لەسەرەوە ئاماژەی پێ کراوە.

لە بەشێکی تری گفتوگۆیەکاندا پرۆسەی خوێندن و مەشقپێدان و دەرفەتە پەروەردەییەکان، کە بەردەستن لە بواری سەربازیدا، بۆ بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکان و بە پڕۆفیشناڵکردنی یەکە سەربازییەکان ڕاوێژیان لەبارەوە کرا.

هەروەها ڕێگا خۆش دەکرێت، بۆ ئەوەی عێراق لە داهاتوودا بەشداری لە مانۆڕە سەربازییەکان بکات بە سەرپەرشتیی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا.

بۆ پشتگیری لە سەروەری و پاراستنی ئاسایشی عێراق، هەردووک وڵات دووپاتیان کردەوە، کە هێزەکانی ئەمریکا لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراقی ماونەتەوە و تەنیا ئەرکیان پشتگیریکردنە لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە شەڕی دژی داعش.

حکومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی ژیانی کارمەندان و ڕاوێژکاران و کاروانەکان و دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دووپات کردەوە.