Skip to the content

جێگری بەڕێوبەرایەتیی ئیدارەی گشتی ئاڵوگۆڕ کرا

لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییە ئیدارییانەی کە لە ناو دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکە سەربازییەکان ئەنجام دەدرێن، ڕۆژی ٢١ ی ئابی ٢٠٢٣ لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت، لە مەراسیمێکدا جێگری بەڕێوبەرایەتیی ئیدارەی گشتی ئاڵوگۆڕ کرا.

لەو مەراسیمەدا کە جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، ڕاوێژکاری وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی گشتی و ئەفسەرانی وەزارەت ئامادەی بوون، عەمیدی مافپەروەر، هێرش ئەسکەندەر سەلیم، لە شوێنی عەمیدی مافپەروەر،سەربەست جەباری، وەک جێگری بەڕێوبەرایەتیی ئیدارەی گشتی دەستبەکار بوو.

لە سەرەتادا جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، فەرمانی وەزاری ئاڵوگۆڕەکەی خوێندەوە، پاشان بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە گوتەیەکدا سوپاس و پێزانینی وەزارەتی پێشمەرگەی ئاراستەی عەمیدی مافپەروەر سەربەست جەباری کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا لەخۆبردووانە و ماندوونەناسانە کاری بۆ سەرخستنی ئیشوکارەکانی وەزارەت کردووە و هیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داهاتوو بۆ خواست، هاوکات بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی وەک جێگری بەڕێوبەرایەتیی ئیدارەی گشتی لە عەمیدی مافپەروەر هێرش ئەسکەندەر سەلیم کرد و ئامادەیی وەزارەتیشی پێشان دا بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەک لەپێناو پێشخستن و خزمەتکردنی زیاتر لە ڕاییکردنی ئیشوکارەکان لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.