Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەبارەی خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرد

ڕۆژی ٣٠ ی ئابی ٢٠٢٣، لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە سەرپەرشتیی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و ڕاوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوبەری میلاکات و بەرپرسی بنکەی ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەت، کۆبوونەوەیەک لەبارەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ناوەرۆکی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا تایبەت بە هێزەکانی (٨٠٫٧٠) بەڕێوە چوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا، بەرەوپێشچوونەکانی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەبارەی هێزەکانی (٨٠٫٧٠) خرایە بەر باس و هەموویان بە بایەخەوە باسیان لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرد و هاوڕا بوون لە جێبەجێکردنی بڕگە و خاڵەکانی ناو کارنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، سەرۆکی ئەرکان دووپاتی کردەوە: وەزارەتی پێشمەرگە بە پاڵپشتیی هێز و لایەنە سیاسییەکان پابەندە بە پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بەردەوامیش دەبن تاکوو پڕۆسەکە سەردەکەوێ.

لە تەورێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا، ستافی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بە پێویستیان زانی سوپاسی تیمی سەربازیی هاوپەیمانان و ڕاوێژکارانی سەربازیی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بکەن و ئاماژەیان بە ڕۆڵی گرنگی تیمە سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا کرد لە گەیشتن بەم لێکتێگەیشتنە هاوبەشەی نێوانیان.

لە کۆتاییدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرایەوە، هاوکات پشتگیریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان و هەماهەنگییان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە پێویست زانی بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و نەهێشتنی یەکجارەکیی مەترسییەکانی داعش لە سەر هەرێمی کوردستان.