Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا کرد

رۆژی دووشەممە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ میشێل گاچێرۆ، بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و شاندێکی یاوەریکرد.

لە دەستپێکی ئەو دیدارەدا، بە بایەخەوە گفتوگۆ لەسەر یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کراو هەردوو لا هاوڕابوون لەسەر جێبەجێکردنی خاڵەکانی ناو کارنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانیان، لەمبارەیەوە سەرۆکی ئەرکان ئاماژەی بەوەدا کە هەنگاوی باش نراوە بۆ جێبەجێکردنی ناوەرۆکی یاداشتنامەکە و بەردەوامیش دەبن و گوتیشی:'' لەم ڕوەشەوە پێویستمان بە هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری دۆستانمانە لە هاوپەیمانیەتی نێوودەوڵەتی.''

لەتەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری حکومەتی فیدراڵی کراو، سەرۆکی ئەرکان رایگەیاند:'' وەزارەتی پێشمەرگە لە هەوڵەکانی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری حکومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و دەست بەکاربوونی لیوا هاوبەشەکان لە ئایندەیەکی نزیک دا''.