Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان پێشوازیی لە ڕاوێژکاری بەرگریی شانشینی یەکگرتوو کرد

ڕۆژی ٢١ی ئابی ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازیی لە کۆڵۆنێڵ تیم، ڕاوێژکاری بەرگریی شانشینی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان کرد.

لەو دیدارەدا، گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنان و زیادکردنی فیرقەکان و ئامادەکارییەکان بۆ سەرخستنی پلانی وەزارەت لەمبارەیەوە کرا و جەختیش لە بەردەوامیدان بە پلانی مەشق و ڕاهێنانی هێزەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە کرایەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارەدا، چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی یەکە جیاوازەکانی هێزی پێشمەرگە و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو پرۆسەیە تاووتوێ کرا، لەمبارەیەوە سەرۆکی ئەرکان ئاماژەی بەوە دا: "پرۆسەی چاکسازی لەسەر بنەمای دروستکردنی هێزێکی نیشتیمانی و ڕێکخستنەوەی هێزەکان بە شێوەیەکی دامەزراوەیی دەستی پێ کردووە و چەندین قۆناغ و بەربەستیش تێپەڕێندراون، لە ئێستاشدا بەشێکی بەرچاو لە یەکە جیاوازەکان خراونەتە ژێر بڕیار و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە هەوڵ و کۆششی هەموو لایەک لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ سەرخستنی ئامانجەکانمان لە پێناو دروستکردنی هێزێکی نیشتمانیی گۆشکراو بە بیرو باوەڕە نەتەوەییەکان."