Skip to the content

سەرۆکی حکومەت پێشوازیی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق دەکات

ڕۆژی چوارشەممە، ٨ ى ئابی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دەیڤد بێرگەر، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان کرا.
هەردوو لا جەختیان لە گرنگیی هاوهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان بە ئاراستەی بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.

تەوەرەیەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکانی ئامادەکردنی یاسای فیدرالیی نەوت و گاز، کە پێویستە ئامادەکردنی یاساکە، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و سیستەمی فیدرالیی عێراق بێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی بەردەوامبوونی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە پێی کارنامەی کابینەی نۆیەم و دوورخستنەوەی هەموو جۆرە دەستتێوەردانێکی حزبی لە ناو وەزارەت کرا.