Skip to the content

شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا سەردانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی کرد

بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییە دبلۆماسییەکان لە نێوان دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوزدستان و وڵاتی کەنەدا،
رۆژی سێشەممە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٣، شاندێکی پەرلەمانتارانی کەنەدا، ناسراو بە دۆستان کورد(کۆکۆس)ی پەرلەمانی، سەردانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەیان کرد و لەلایەن عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەوە پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارێکدا کە جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەت ئامادەیبوون، تاوتوێی هەماهەنگی حکومەتی کەنەدا و هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرا. شاندی پەرلەمانتارانی کەنەدا جەختیان لەسەر پابەندبوونی کەنەدا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کردەوە. هاوکات شاندی پەرلەمانی کەنەدا ئاماژەیان بەوەدا کە ئامانج لەسەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان کۆمەلێک بوار لەخۆ دەگرێت، هەر لە ئاڵوگۆڕی ئەمنییەوە تا ئاڵوگۆڕی کلتووری و پەروەردەیی دەگرێتەوە.

لە تەوەرێکی دیکەدا شاندەکە، ئاماژەیان بەوەدا، کە لەبواری ئاسایشدا ئامانجی سەردانەکە ئاسانکارییە بۆ گفتوگۆی ستراتیژی سەبارەت بە سەقامگیری ناوچەکە و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو چارەسەرکردنی ململانێکان، بەمەش توانای هەردوو وڵات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان بەرزدەکاتەوە.

شاندی پەرلەمانی کەنەدا ئاماژەشیان بەوەدا کە دەیانەوێت لەدەرەوەی نیگەرانییە ئەمنیەکان پەیوەندییە بازرگانیە قوڵەکان دروست بکەن و دەرگاکان بۆ زیادکردنی هاوکاری ئابووری و وەبەرهێنان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەنەوە.

بریکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە سوپاسی پاڵپشتیەکانی وڵاتی کەنەدای کرد بۆ هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رووی لۆجستی و ڕاوێژکارییەوە، هەماهەنگی ئەو وڵاتەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەشەری دژی داعش بەرزنرخاند و راشیگەیاند: ''وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دەیەوێت ئاستی هاوکارییەکانی کەنەدا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرز بکرێتەوە.''