Skip to the content

فیرقەکانی ١و٢ ی پیادە چەک و پێداویستیی نوێی سەربازییان وەرگرت

لە بەردەوامیی ئەو کۆمەک و هاوکارییە لۆجستییانەی کە هاوپەیمانان پێشکەش بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانی دەکەن، ڕۆژی ١٧ی ئابی ٢٠٢٣، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا لە بەڕێوبەرایەتیی میرەی گشتیی سەربازی، بە ئامادەبوونی عەقید فەرمان زراری، جێگری بەڕێوبەرایەتیی میرە و ئەفسەرانی وەزارەت، بەشێک لەو هاوکارییانەی هاوپەیمانان ڕادەستی فیرقەکانی ١و٢ ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە کران.

لەو ڕێوڕەسمەدا، جێگری بەڕێوبەرایەتیی میرەی گشتی، بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی هاوپەیمانانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوە دا "هاوپەیمانان لە سەرەتای دروستبوونی داعشدا، هاوکاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کردووە، بە جۆرێک ئەو هاوکارییانە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە تێکشکانی داعش و گرووپە تیرۆرستییەکان." هاوکات هیواشی خواست ئاستی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە زیاتر بکرێت و بچێتە قۆناغێکی باشتر.

ڕادەستکردنی ئەو هاوکارییانە بە پێی بەرنامە و پلانی سەرۆکایەتیی ئەرکان و بە سەرپەرشتیی جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، ڕادەستی فیرقەکانی ١و٢ ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە کران.