Skip to the content

باڵیۆزی هندستان لە عێراق سەردانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دەکات

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پرەشاند پاسی، باڵیۆزی هندستان لە عێراق و مادان گۆپاڵ، کونسوڵی گشتی هندستان لە هەرێمی کوردستان کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا، کە بەڕێوەبەری هەماهەنگیی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ئامادەبوو، وەزیری کاروباری پێشمەرگە ڕایگەیاند : ''هیوامان وایە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هندستان لە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی بەردەوامدا بێت.''

شۆڕش ئیسماعیل راشیگەیاند: ''ئێمە لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ستایشی هەوڵەکانتان دەکەین کە لە پێناو خزمەتکردن بە هێزی پێشمەرگە ئەنجامی دەدەن لە گشت بوارەکاندا، هەروەها سوپاسی گەل و حکومەتی هندستان دەکەم لە بەرامبەر پەیوەندیی دۆستانە و هاوبەشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان .''

لەلایەن خۆیەوە باڵیۆزی هندستان ڕاگەیاند: ''ئێمە وەکو وڵاتی هندستان دەمانەوێت هاوکار و هەماهەنگ بین لەگەڵتان بۆ خزمەت گەیاندن بە هێزی پێشمەرگە لە بواری پزیشكی و خوێندن و تواناسازی، دەمانەوێت درێژە بە پەیوەندییەکانمان بدەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا.''