Skip to the content

بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی کرد

رۆژی دووشەممە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ ، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە د.تۆرکیڵد، بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەولێر کرد .

لەو کۆبوونەوەیەدا،وەزیری کاروباری پێشمەرگە بە گرنگییەوە باسی لە پرس و پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کرد و ڕایگەیاند:''ئێمە لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ئامانج و بنەمای کارکردنمان بۆ بەئەنجام گەیاندنی پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیە لە پێناو درووستبوونی هێزێکی تۆکمەی نیشتمانی لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا.''

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، شۆڕش ئیسماعیل ڕۆڵی وڵاتانی سەر بە یەکێتی ئەوروپای بەرزنرخاند لە بەرامبەر هەماهەنگی و پاڵپشتی بەردەوامیان بۆ گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: ''لە ڕابردوودا وڵاتانی بەشدار لە یەکێتی ئەوروپا لە بەرامبەر هەموو ئەو کارەسات و ڕووداوانەی بەسەر گەلەکەمان دا هاتووە هاوخەم بوون لەگەڵمان، لە ئێستاشدا دڵخۆشین دۆستەکانمان لە هەموو جیهان و یەکێتی ئەوروپا هاوکار و پاڵپشتمانن لە پرۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.''

د.تۆرکێڵد، ستایشی پێشوازیی و هەوڵەکانی وەزیری کاروباری پێشمەرگەی کرد لە بەرامبەر پرسی چاکسازی و هەوڵەکانی لە وەزارەت و رایگەیاند: ''ئێمە لە یەکێتی ئەوروپا پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین لەم پرسە گرنگ و چارەنوسازەدا. هیوادارین هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئارام و سەقامگیر و ئاشتیدا بێت .''