Skip to the content

بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە پاشکۆی سەربازی کۆریای باشور کرد

رۆژی پێنجشەممە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، کۆڵۆنێڵ سوون، پاشکۆی سەربازی باڵیۆزخانەی کۆریای باشور لە بەغدا، سەردانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن عەمید روکن محەمەد سەعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتەوە پێشوازی لێکرا.

لەو دیداردا، تاوتوێی دروستکردن و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و پاشکۆی سەربازی کۆریای باشور لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، هاوکات پڕۆسەی مەشق و کردنەوەی خولی دەرەکی و دابینکردنی کورسی خوێندن لە وڵاتی کۆریا بۆ ئەفسەران و کارمەندانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە خرایە بەرباس.

کۆڵۆنێڵ سوون، سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی کرد بۆ هاریکاری و هەماهەنگیی بەردەوامیان لەگەڵ کونسوڵخانەی ولاتەکەی لە هەرێمی کوردستان، هاوکات ئامادەیی خۆشی راگەیاند بۆ هەماهەنگی و هاوکاریکردن لەگەڵ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بۆ پێشخستن و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان.