Skip to the content

تاوتوێی خێراترکردنی کارنامەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرا

رۆژی پێنجشەممە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و جێگرانی سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و ئیدارە ومیرە، بەرپرسی بنکەی ئۆپەراسیۆنەکان و بەڕێوبەری حەرەکاتی سەربازی و کۆڵۆنێڵ مەکێنزی فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و تیمێکی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان، لە کۆبوونەوەیەک دا کارنامەی هێزی پێشمەرگە(Operating Concept) کە یەکێکە لەخاڵە گرنگەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا گفتوگۆی لەسەرکرا.

لەو کۆبوونەوەیەدا، کارنامەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا خرایە بەرباس و هەردوولا بە بایەخەوە باسیان لە جێبەجێکردنی تەواوی برگەو خاڵەکانی ناو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرد.

سەرۆکی ئەرکان دووپاتیکردەوە، کە بەردەوامن و هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ ڕێکخستنەوەی هێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە و خۆشبەختانە هەنگاوی گرنگ و باش نراوە و خواستی بەرەوپێشبردنی ئەو پڕۆسەیەش بەردەوامی هەیە، ئاماژەی بەوەشدا کە پلانیان جێبەجێکردنی تەواوی بەرنامە و برگەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە لەگەڵ وڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بۆ ئەمەش پێویستە هەموان وەک یەک تیم کاربکەین بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە و بە دامەزراوەیکردنی سەربازییانەی هێزی پێشمەرگە کە هاوتابێت لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەربازی سەردەم.

لەلایەن خۆیانەوە شاندی میوان دڵخۆشی خۆیان بەهەوڵەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دەربڕی و رایانگەیاند: ''بەگرنگیەوە لە هەوڵ و هەنگاوەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم دەروانن بۆ جێبەجێکردنی برگەکانی یاداشتنامەکە، هاوکات ئاماژەیان بەوەدا کە بەهاوبەشی وکاری پێکەوەیی لەگەڵ پێشمەرگە دەتوانین خێرایی بە پرۆسەی چاکسازی پێشمەرگە و پڕۆسەی ڕێکخستنەوەی هێزەکان بدەین. ''

لەکۆتایدا جەخت لەگرنگی بەردەوامیی پشتگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەهەرێمی کوردستان و هاوکاری وهەماهەنگیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرایەوە.