Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا کرد

رۆژی پێنجشەممە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ وۆلف ئەلیکساندەر هامپ، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

لەدیدارێکدا کە عەمید روکن محەمەد سەعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان و بەشێک لە ئەفسەرانی هێزی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەیبون، نوێترین پێشهاتە ئەمنیەکان لە هەرێم و ناوچەکە، کارەکانی تیمی ڕاوێژکارانی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان لە بواری مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژکارییەوە خرایە بەرباس، هاوکات تیشک خرایە سەر هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوامی هێزەکانی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگە.

سەرۆکی ئەرکان خۆشحاڵی خۆی بەکارکردنی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتی ئەڵمانیا لە رێگەی راوێژکارەکانییەوە لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕۆلێکی کارای هەبووە لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە.

لەکۆتایی دیدارەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و تیمی سەربازی ئەڵمانیا وهێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش جەخت لەبەردەوامی پشتگیری وڵاتانی هاوپەیمان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرایەوە بۆ سەرخستن و بە ئەنجام گەیاندنی پڕۆسەی چاکسازی لە ناو هێزەکانی پێشمەرگە.