Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە فەرماندەی گشتی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق کرد

رۆژی سێشەممە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە شاندێکی سەربازی هێزەکانی ناتۆ بە سەرۆکایەتی جەنەڕاڵ نیکۆلا پیاسێنتێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد. 

لەدیدارێکدا، کە بەڕێوەبەری هەماهەنگی وپەیوەندییەکانی وەزارەت و بەرپرسی تیمی کوردستان لە گروپی ڕاوێژکارانی فرەنەتەوەیی ناسراو بە(MNAG) ئامادەی بوو، پەڕەپێدانی پەیوەندییەکان و کارەکانی داهاتووی هێزەکانی ناتۆ و تیمی سەربازی سوپای ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان خرایە بەرباس.
 
هاوکات تیشک خرایە سەر بەردەوامیدان بە مەشق و ڕاهێنان و کردنەوەی خول لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە وڵاتی ئیتاڵیا و سەرۆکی ئەرکان خۆشحاڵی خۆی بەکارکردنی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا وڵاتانی هاوپەیمان لە نێویاندا ئیتاڵیا لەماوەی رابردوو لەرێگەی ڕاوێژکارەکانیەوە لەهاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژی داعش هاوکار بووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەدا، ئەم هەنگاوەی وڵاتانی هاوپەیمانیش وادەخوازێت خێراتر کاربکرێت بە ئاراستەی یەکخستنەوەی تەواوی هێزە جیاوازەکان بۆ ژێر بریار و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
 
هاوکات سەرۆکی ئەرکان رایگەیاند: ''قۆناغی ئێستای هێزی پێشمەرگە پێویستی بە هاوکاری زیاتری دۆستانمان لەهاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی هەیە بۆ بنیاد نانی ژێرخانێکی بەهێزی سەربازی و دروستکردنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی پابەند بە دسپلینە سەربازییەکان لەهەرێمی کوردستان، چونکە ئەم خواستەمان ستراتیژیەتێکی گشتگیری هەموو هێزو لایەنەکانە و خواستی لە مێژینەی گەلەکەمانە کە زامنی پێشخستن و پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستانە. ''

جەنەڕاڵ نیکۆلا پیاسێنتێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی ناتۆ رایگەیاند: ''وەک بەشێک لە ئەرکی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی پابەندین بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەناوچەکە، هاوکات خۆشحاڵی خۆشی لە بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی چاکسازی دەربڕی و 
دووپاتیکردەوە کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لەڕاوێژ پێدان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبواری مەشق و راهێنان.
 
هەر لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان بەگرنگییەوە لەپەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستانیان ڕوانی و خوازیاری فراونکردن و پەرەپێدانی زیاتری  پەیوەندییەکان بوو لەگەڵ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان.