سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە سەرۆکی ئەرکانی سوپای فەرەنسا کرد
ڕۆژی شەممە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە جەنەڕاڵ بیار شیل، سەرۆکی ئەرکانی سوپای فەرەنسا و شاندێکی یاوەریکرد.
لەدیدارێکدا، کە جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ئامادەیبوون، هەماهەنگی و هاوکارییەکانی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سوپای فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان خرایە بەرباس، بەتایبەت کە یەکەیەکی تایبەتی هێزەکانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئامادەییان هەیە و کاری هاوبەش لە نێوان هەردوولا بەردەوامی هەیە.
سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە سوپاسی وڵاتی فەرەنسای کرد بۆ هاوکاری بەردەوامیان بەتایبەت لەکاتی شەری دژی داعش و ناردنی چەک و پێداویستی سەربازی بۆ پێشمەرگە و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە ڕووی زانیاری هەواڵگرییەوە.
هاوکات سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ڕۆڵی فەرەنسای لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و کارکردن بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە بەرزنرخاند و داوای کرد وڵاتی فەرەنسا لە هەوڵەکانی بۆ هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە ڕووی مەشق و ڕاهێنان و پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەت بەردەوام بێت.
لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای فەرەنسا، سوپاسی پێشوازی گەرمی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی کرد و ڕۆڵی پێشمەرگەشی لە شەری دژی داعش بەرزنرخاند و ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
لەکۆتایی دیدارە کەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هێزە تایبەتەکانی فەرەنسا و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە هەمان کاتیشدا دووپات لەگرنگی بەردەوامی پشتگیری هاوپەیمانی نێوودەوڵەتی لەهەرێمی کوردستان و هاوکاری و هەماهەنگیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرایەوە.