Skip to the content

ناتۆ پشتیوانی خۆی بۆ پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دووپات دەکاتەوە

رۆژی سێشەممە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ نیکۆلا پیاسێنتێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق و میکێلی کامێرۆتا، کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان و تیمی یاوەریان کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا، کە بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە تێیدا ئامادەبوو، وەزیری کاروباری پێشمەرگە بە گرنگییەوە باسی لە برەودان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئیتاڵیا و پرسی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کرد.

شۆڕش ئیسماعیل، باسی لە پرس و پرۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە کرد لە چوارچێوەی پرۆژەی چاکسازیدا و ڕایگەیاند: ''سەرەڕای هەبوونی لەمپەر و گرفت لەبەردەمماندا بەڵام بە ئیرادەیەکی بەهێز و ىڕوابەخۆبوونەوە بەردەوامین لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا.''

وەزیری کاروباری پێشمەرگە هەروەها وتیشی: ''ستایشی هەوڵەکانی وڵاتانی ناتۆ و لە نێویاندا وڵاتی ئیتاڵیا دەکەین لە بەرامبەر پاڵپشتی و پشتیوانییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.''

فەرماندەی گشتی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق، دڵخۆشی خۆی دەربڕی بە گەڕانەوەی وەزیری کاروباری پێشمەرگە بۆ ئەرکەکەی و ڕایگەیاند: ''لە پێناو بە ئەنجام گەیاندنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پشتیوانتان دەبین، هیواخوازین هەنگاوی چاکسازی قۆناغی زۆرباش ببڕێت و دەرئەنجامی گەورە و ستراتیژی بەدەستبهێنن بۆ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، لەم پێناوەشدا بەردەوام دەبین لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.''