هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش پشتیوانی خۆی بۆ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دوپات کردەوە
رۆژی پێنجشەممە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ مایکڵ ئیکەر، فەرماندەی باڵای ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق و کۆڵۆنێڵ مەکێنزی، بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و تیمی یاوەریان کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری کاروباری پێشمەرگە وێڕای بەخێرهاتنی بەرپرسانی باڵای هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی ئاڕاستەی جەنەڕاڵ ئیکەر، کرد وەک بەرپرسی باڵای ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواست لە ئەرکی نوێیدا.
شۆڕش ئیسماعیل، بە گرنگییەوە باسی لە ڕۆڵی باڵای هاوپەیمانان کرد لە ڕووبەروبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکەدا و ڕایگەیاند: ''دۆستەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەمریکا لە هەموو باردوخە سەختەکاندا پاڵپشت و پشتیوانی گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون و هاوکارمان بوون لە رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدا.''
وەزیری کاروباری پێشمەرگە جەختیکردەوە، لە جێبەجێکردنی یاداشتنامەیی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ستایشی هەوڵەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکای لە بەرامبەر پاڵپشتی و پشتیوانییەکانیان بۆ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کرد.
جەنەڕاڵ ئیکەر، ستایشی پێشوازی گەرمی وەزیری کاروباری پێشمەرگەی کرد و ڕایگەیاند :'' زۆر دڵخۆشین ئێستا بەرێزتان دەبینین بەردەوامن لە ئەرکەکەتان لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و هیوادارین قۆناغێکی نوێی کارکردنی هاوبەشی دوور مەودا لەگەڵ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بێتە ئاراوە و لەم پێناوەشدا پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین لە بەرامبەر سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و رووبەرووبەونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا، دەمانەوێت هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئارام و سەقامگیر و پارێزراودا بێت.''