کونسوڵی گشتی هۆڵەندا سەردانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی کرد
رۆژی سێشەممە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە یاکۆ بێریندز، کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە بریکاری وەزارەت و سەرۆکی ئەرکان و ئەمینداری گشتی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ئامادەبوون، وەزیری کاروباری پێشمەرگە قۆناغەکانی پرۆسەی چاکسازی و هەنگاونان بۆ درووستبوونی هێزێکی نیشتمانی تۆکمە لەسەر ئاستی ناوچەکە گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
شۆڕش ئیسماعیل جەختیکردەوە لە بەردەوامیدانی پرۆسەی چاکسازی و هەنگاونان بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پرۆسەکە لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە وتیشی:'' ئێمە لە وەزارەت ئامانج و بنەمای کارکردنمان لە ڕابردوو و لە ئێستا و داهاتووشدا لە پێناو ئەنجامدانی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و گەیاندنی بە ئاستێکی باڵای سەربازی کە ڕێگری بکات لە بەرامبەر هەر مەترسییەک کە لە ئێستا و ئایندەدا ڕووبەروومان دەبێتەوە.''
کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێـمی کوردستان ، دڵخۆشی خۆی دەربڕی لەبەرامبەر ئیرادە و ویستی وەزیری کاروباری پێشمەرگە بەرامبەر پرۆسەی چاکسازی و رایگەیاند: ''دڵخۆشین بە گەڕانەوەتان بۆ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و بەردەوامیدان بە هەنگاوی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دەزانین ئەرکتان قورس و دژوارە، لەم پێناوەشدا پشتیوانتان دەبین بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.''