بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە باڵیۆزی هیندستان لەعێراق کرد
رۆژی ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٣ عبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە پراشانت پایس، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق و مادان گۆپاڵ، کونسوڵی گشتی هیندستان لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا، بریکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە رایگەیاند:'' نزیکیەک لەنێوان هەرێمی کوردستان و هیندستان لە رووی کلتوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە هەیە.''
هاوکات بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە پێگەی هیندستانی لەناوچەکە بەگرنگ وەسفکرد و گوتی: ''چاومان لەبەهێزکردنی پەیوەندییەکانە و بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەیی هەموو هاوکاری کارئاسانێکین.''
لەلایەن خۆیەوە باڵیۆزی هیندستان لەعێراق رایگەیاند:''دەمانەوێت لەنزیکەوە پەیوەندییەکی پتەومان لەگەڵ داموو دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێویشیاندا وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە هەبێت.'' و ئاماژەی بەوەشدا کە هیندستان لە رووی زانستی پزیشکی لەئاستێکی بەرز دایە و لەم ڕوەشەوە ژمارەیەکی زۆر نەخۆش لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی ئەو وڵاتەیان کردوە و سوودیان لە چارەسەرییە پزیشکیەکان وەرگرتووە.